سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى سەعیدی کوڕی عاصی کوڕی سەعیدە، لە قورەیشیەکانە لە ئومەویەکان، ئەم هاوەڵە تاقانەى باوکى بوو، عاصی باوکى بە بێباوەڕی لە غەزاى بەدردا بە دەستی عەلى کوڕی ئەبوو تالیب کوژرا.
جارێک سەعید و عومەرى کوڕی خەططاب پێکەوە بوون، سەعید لایکرد بەو لاوە، عومەر وتى وا دیارە پێت وایە من باوکى تۆم کوشتووە، من نەمکوشتووە، بەڵکو عەلى کوڕی ئەبووطالیب کوشتی، ئەگەریش من بمکوشتایە ئێستا پۆزشم نەدەهێنایەوە بۆ کوشتنى بێباوەڕێک، بەلآم بەم دەستانەى خۆم عاصی کوڕی هیشامم کوشت کە خاڵۆی خۆم بوو، سەعیدیش وتى ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەگەریش تۆ باوکمت بکوشتایە لەسەر حەق بوویت و ئەو لەسەر ناحەق دەبوو، عومەریش بەو هەڵوێستەى سەعید زۆر خۆشحاڵ بوو. 
سەعید زاواى عوثمانى کوڕی عەففان بوو و دوو کچی عوثمان یەک دواى یەک هاوسەری ئەو بوون. 
سەعید یەکێک بوو لەو هاوەلآنەى کە عوثمانى کوڕی عەففان رایسپارد بۆ نووسینەوەى قورئان.
کاتێک عوثمانى کوڕی عەففان وەلیدی کوڕی عوقبەى لابرد، سەعیدى کرد بە والى کووفە، کە چوویە ئەوێ گەنجێک بوو، وتارێکی کورتى پێشکەش کرد بۆ خەڵکەکەو باسی ئەوەى کرد کە ئەو خەڵکی ناوچەیە حەزیان بە دووبەرەکى و ناکۆکی هەیە، بۆیە خەڵکی نارەزاییان دەربڕی و لاى عوثمان سکالآیان لە دژ کرد، عوثمانیش پێشتر دوو کەسی تری گۆڕیبوو بۆیان، بۆیە وتى ئەتانەوێت هەرکەس لە ئێوە رەقیەکى لە ئەمیرەکەى بینی بەتەما بێت ئێمەش ئەمیرەکە لابەرین!، دواتر سەعید هاتەوە مەدینە بۆ لاى خەلیفەو جلوبەرگ و شمەکێکی زۆری هێنا بۆ هاوەڵە پشتیوانى و کۆچەریەکان، لەو جلوبەرگانەشی نارد بۆ عەلى کوڕی ئەبووطالیب و عەلیش دیاریەکەى وەرگرت، دواتر سەعید گەڕایەوە بۆ کووفە. 
سەعید لە ماوەى والیەتى لە کووفە هێرشی بردە سەر طەبەرستان و فەتحى کرد، هێرشیشی بردە سەر جورجان، گەورە هاوەلآنى پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) لەناو سوپاکەیدا بوون. 
لەو کاتەى ماڵەکەى عوثمانى کوڕی عەففان گەمارۆ درا، سەعید لە ماڵی خەلیفە بوو و بەرگرى لێدەکرد. 
لە سەردەمى خیلافەتى عەلى کوڕی ئەبووطالیبدا سەعید کەنارى گرت لە فیتنەى نێوان هاوەلآن و هەرچەندە سەر بە بنەماڵەی ئومەوى بوو، بەلآم ئامادە نەبوو لە ریزی موعاویەدا دژ بە عەلى کوڕی ئەبوو طالیب بجەنگێت. 
لە سەردەمى موعاویەشدا سەعید والى مەدینە بوو،   لە ساڵی چل و نۆ یان ساڵی پەنجاو یەکى کۆچیدا سەعید سەرپەرشتی حەجى موسڵمانانى کرد.
سەعید دەیوت: دڵەکان دەگۆڕدرێن، بۆیە جوان نیە کەسێک ئەمڕۆ وەسفی کەسێک بکات و سبەینێ تانەى لێ بدات.
هەروەها دەیوت گاڵتە وگەپ لەگەڵ پیاوماقووڵدا مەکە تا رقت لێ هەڵنەگرێت، گاڵتە وگەپ لەگەڵ کەسی سووکیش مەکە با کەم تەماشات نەکات. 
سەعید کەسێکی زۆ ناسراو و بەخشندەو چاکەکار بوو، جارێک سەعید بە شەقامەکاندا دەگەڕا، تینووی بوو، داواى ئاوى کرد لە ماڵێک، کە کەوتنە قسە کابرا باسی ئەوەى کرد لەبەر قەرزارى خانووەکەى دەفرۆشێت، سەعیدیش چوار هەزارى پێدا. 
دواجار لە تەمەنى پەنجاو  نۆ ساڵیى و لە ساڵی پەنجا و سێی کۆچیدا وەفاتى کرد.

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)