ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى زەیدی کوڕی سەهلى کوڕی ئەسوەدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەکان، کونیەکەى ئەبووطەلحەیە و زیاتر بە کونیەکەى ناسراوە. 
زەید یەکێکە لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە و یەکێکە لە دوانزە نەقیبەکە. 
زەید بەهۆى ئومموسولەیمەوە موسڵمان بوو، کە داواى ئومموسولەیمی کرد هێشتا موسڵمان نەبووبوو، ئومموسولەیم وتى: کەسی وەک تۆ هی ئەوە نیە جواب بکرێت، بەلآم من ئافرەتێکی موسڵمانم و تۆیش کەسێکی بێباوەڕیت و بۆ من حەلآڵ نیە شوو بکەم بە تۆ، ئەگەر موسڵمان بیت ئەوە مارەییەکەشم دەبێت و داواى هیچ مارەییەکى ترت لێناکەم، ئەوەبوو زەید موسڵمان بوو. 
 زەید چوو بەرەو لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کە لەناو هاوەلآنیدا بوو، پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى: (ئەبووطەلحە دێت بۆ لاتان و تارمایی ئیسلام بەنێوچاوانیەوەیەتى)، زەید هات و وتەکانى ئومموسولەیمی بۆ باسکرد و لەسەر ئەوە ئومموسولەیمی مارە کرد،  دواى ماوەیەک ئومموسولەیم سکی بوو و منداڵێکی بوو، زەید زۆر ئەو منداڵەی خۆشدەویست، بەلآم منداڵەکە نەخۆش کەوت، زەید زۆر زۆر خەفەتى بۆ دەخوارد، زەید بەیانى و ئێوارە دەچوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم)، جارێک دواى ئێوارە چوو بۆ لاى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کەچی منداڵەکە وەفاتى کردبوو، ئومموسولەیم منداڵەکەى بۆنخۆش کرد و جوان شۆردى، کە زەید هاتەوە: وتى کوڕەکەم چۆنە؟ ئەویش وتى: باشەو لەو کاتەوەى نەخۆش بووە هیچ شەوێک هێندەى ئەمشەو هێور و ئارام نەبووە، زەیدیش سوپاسی خواى کرد و بەوە زۆر دڵخۆش بوو، نانى خوارد و ئومموسولەیمیش بۆنی خۆشی دا لە خۆی و دەچوو بە دەورى زەیددا تا ئەوەى زەید لەگەڵی سەرجێی کرد، دواتر ئومموسولەیم پێی وت: ئەگەر دراوسێکەت شتێکت بداتە لا و تۆیش سوودى لێ ببینیت و دواتر بیەوێت لێت وەربگرێتەوە، تۆ چی دەکەیت؟ زەید وتى: وەلآ بۆی دەگێڕمەوە، ئومموسولەیم وتى: لە ناخى دڵتەوە بۆی دەگێڕیتەوە؟ وتى: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئومموسولەیم وتى: دەى خواى گەورە کوڕێکی دایە لات و تۆیش بەشی خۆت خۆشیت لێ بینی، دواتر منداڵەکەت کۆچی دوایی کرد، بۆیە خۆڕاگر بە و لاى خوا چاوەڕێی پاداشت بە، زەیدیش بێتاقەت بوو، بەلآم خۆڕاگرى نواند، بۆ بەیانى چوو بۆ لاى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) و بەسەرهاتەکەى بە وردى بۆ گێڕایەوە، پێغەمبەرى خوایش (صلى الله عليە وسلم) فەرمووى (خوا بەرەکەت بخاتە ئەمشەوتانەوە)، ئەوەبوو بەو سەرجێیە، ئومموسولەیم سکپڕ بوو، خواى گەورە منداڵێکى پێ بەخشین و پێغەمبەرى خوا ناوى نا عەبدولآ. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کۆچی کرد بۆ مەدینەو برایەتى خستە نێوان کۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان زەیدى کوڕی سەهل و ئەرقەمى کوڕی ئەبی ئەرقەمەوە. 
زەید یەکێکە لەو هاوەلآنەى هەر لە غەزاى بەدرەوە تا دوا غەزا لەگەڵ پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) بەشدارى کرد. 
لە جەنگى ئوحوددا، پاش شکستى موسڵمانان، زەید لەبەردەم پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليە وسلم) تیری دەهاویشت، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) لە دوایەوە بوو و قەڵغانى بۆ گرتبوو، کاتێک تیرێکی دەهاویشت پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) سەری بەرز دەکردەوەو تەماشای دەکرد بزانێت تیرەکە کوێی گرتووە، زەیدیش سەرسنگى خۆی بەرز دەکردەوەو دەیوت ئابەوجۆرە ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) ئەی بەدایک و باوکمەوە بەقوربانت بم، تیرت بەرنەکەوێت، سنگم دەکەمە قەڵغان بۆت، ئەی پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) من زۆر جیڕو بەهێزم، چی ئیشێکت هەبوو فەرمانم پێ بکە. 
پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) بە هاوەلآنى دەفەرموو (دەنگى ئەبوو طەلحە لە سوپادا باشترە لە هەزار پیاو). 
زەید دواى وەفاتى پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) ژیا و نزیکەى بیست  و ئەوەندە ساڵی بردەسەر،  ئەو ماوەیەشی بە جیهادى سەنگەرەکان و شەونوێژی شەوان و رۆژووگرتنى رۆژان بەسەربرد، دواجاریش لەرێی جیهاد و لە نێوەندى ئاو و دەریاکاندا وەفاتى کرد.

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)