زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى زەیدى کوڕی ثابتى کوڕی ضەححاکى کوڕی زەیدە، لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەکان،  یەکێک بوو لە هاوەڵە گەورەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و نووسەرەوەى سروش بوو و ماوەیەک موفتى مەدینە بوو و یەکێک بوو لە قورئان خوێنە گەورەکان. 
کاتێک پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) کۆچی کرد بۆ مەدینە، زەید موسڵمان بووبوو، ئەوکات هێشتا تەمەنى یانزە ساڵ بوو. 
زەید دەڵێت: کاتێک چوومە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) کە تازە هاتبوویە مەدینە، وترا: ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) ئەم مێرمنداڵەی بەنى نەججار زیاد لە سیانزە سوورەتى قورئانى لەبەرە، پێغەمبەریش (صلى الله عليە وسلم) بەوە سەرسام بوو و فەرمووى: (ئەى زەید، نووسینی جوولەکە فێر بە بۆم، چونکە سوێند بەخوا لە نووسینەکانمدا دڵنیا نیم لە جوولەکە)، منیش چووم تا فێر بم، پانزە شەوم تەواو نەکرد، بە چاکى فێر بووم و نامەی ئەوانم دەخوێندەوەو کاتێک شتێکیان دەنووسی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) من دەمخوێندەوەو ئەگەریش پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) وەلآمى بدایەتەوە، من نامەکەم بۆ دەنووسی. 
کاتێک غەزاى بەدر روویدا، زەید ویستى لەو غەزایەدا بەشدارى بکات، بەلآم پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) ئەوى بە بچووک دانا، سەبارەت بە بەشداری کردنى لە غەزاى ئوحودیشدا راجیایی هەیە، بەلآم گومان لەوەدا نیە کە لە غەزاى خەندەق و غەزاکانى دواتریشدا بەشدار بووە. 
زەید هەندێ جار دەچوویە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) و قورئانى بۆ دەخوێندەوە. 
زەید دەڵێت: من دراوسێی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليە وسلم) بووم، کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) سروشی بۆ دادەبەزى دەینارد بە شوێنمدا، منیش سروشەکەم بۆ دەنووسیەوە، جا پێغەمبەر (صلى الله عليە وسلم) سروشتی وابوو ئەگەر باسی دنیامان بکردایە ئەویش لەگەڵماندا باسی دنیاى دەکرد، ئەگەریش باسی قیامەتمان بکردایە ئەویش لەگەڵماندا باسی قیامەتى دەکرد، کاتێک باسی خواردنمان بکردایە باسی خواردنى لەگەڵ دەکردین. 
زەید لە سەردەمى ئەبووبەکرى صدیقدا نووسەری ئەبووبەکر بوو،  هاودەم بەوەش، بەشداریى جیهادى دەکرد، لە جەنگى یەمامەدا بەشداریى کرد و تیاید بریندار بوو. 
لە سەردەمى ئەبووبەکرى صدیقدا زەید راسپێردرا تا قورئان کۆبکاتەوە، ئەویش بە سەرکەوتوویى، ئەرکەکەى بەجێگەیاند. 
لە سەردەمى عومەرى کوڕی خەططابیشدا زەید نووسەری خەلیفە بوو. 
کاتێک عومەرى کوڕی خەططاب بڕۆیشتایە بۆ حەج، زەیدى لە شوێنی خۆی دادەنا تا بەرپرسیارێتی مەدینەى لە ئەستۆ بێت هەتا دێتەوە،  هەروەها بۆ هەر کارێکی تر لە مەدینە بچوایەتە دەرەوە زەیدی دەکردە بەرپرسی مەدینە. 
عومەرى کوڕی خەططاب زەیدی لە مەدینە هێشتبوویەوە تا فەتوا بدات بۆ خەڵک، بەتایبەت هەر مەسەلەیەک تایبەت بوایە بە فەرزەکان و قورئان خوێندنەوەو دادوەرى و فەتوادان، چ عومەر و چ عوثمانیش نەیاندەهێشت کەس پێش زەید بکەوێت. 
دواى عومەریش، کاتێک عوثمانى کوڕی عەففان بڕۆیشتایە بۆ حەجى ماڵى خوا، زەیدی بە بەرپرسی مەدینە دادەنا تا دەگەڕێتەوە،  هەروەها عوثمانى کوڕی عەففان زەیدی لەسەر بەیتولمال دانابوو. 
عوثمانى کوڕی عەففان ویستی خوێندنەوەى قورئان فرەچەشنە نەبێت و کێشە دروست بکات، بۆیە زەید و چەند کەسێکی تری راسپارد تا بەیەک شێوە قورئان بنووسنەوەو جۆرە نووسینەکانى تر کە لەناو خەڵکدا بلآو بوون لاببرێن،  ئیتر چەند نوسخەیەکى لێ نووسیەوەو نێردران بۆ ناوچە جیاجیاکانى جیهانى ئیسلامى. 
سەبارەت بە ساڵی وەفاتى زەید، چەند رایەک هاتووە، هەریەک لە ساڵی چل و پێنج و چل و شەش و پەنجاو یەک و پەنجا و پێنج و پەنجاو شەش باسکراوە. 

.................... 

ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)