(ئەبوو ئەیووبی ئەنصارى)(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى خالیدی کوڕی زەیدی کوڕی کولەیبە،  لە پشتیوانانە لە خەزرەجیەکان لە بەنى نەججار،  کونیەکەى ئەبوو ئەیووبەو زیاتر بە ئەبوو ئەییووبی ئەنصاری ناسراوە. 
ئەبوو ئەییووب یەکێک بوو لە یەکەم موسڵمان بوانى پشتیوانان، لە بەشداربوانى بەیعەتى عەقەبە و غەزاى بەدر سەرجەم غەزاکانى دواتریش بوو. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوویە مەدینە، یەکەمجار لە ماڵی خالید دابەزى و لەوێ مایەوە تا ئەو کاتەى مزگەوتى مەدینەو خانووى بۆ خۆی دروست کرد. 
خانووەکەى ئەبوو ئەیووب دوو قات بوو، ئەبوو ئەیووب پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لە قاتى یەکەم داناو خۆی و خێزانى چوونە قاتى سەرەوە، جارێک بڕێک ئاو لە ژوورەکەیاندا رژا، خێرا هەستان و بە بەرگ و راخەرێک کە هەیانبوو ئاوەکەیان هەڵدەمژیەوە، بەلآم هەر کەمێک لە ئاوەکە داچۆڕایە خوارەوە، بۆیە ئەبوو ئەیووب چوو وتى ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) شیاو نیە ئێمە لە سەرەوە بین و تۆ لە خوارەوە بیت، دەبێت جەنابتان بچنە سەرەوە،   پێم خۆش نیە بەسەر جەنابتانا بچمە سەرەوەو ئێوە لە خوارەوە بن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: خوارەوە بۆ من ئاسوودەترە، ئەبوو ئەیووبیش وتى: قەت ناچمە قاتى سەرەوە جەنابتان لە خوارەوە بن،  ئیتر ئەبوو ئەیووب چوویە خوارەوە، زۆر جار خواردنى ئامادە دەکرد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بۆی دەبردە خوارەوە، کاتێک بۆی دەگێڕایەوە ئەبوو ئەیووب تەماشاى دەکرد بزانێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە کوێدا پەنجەى داناوە تا لەو بەشە بخوات. 
ئەبوو ئەیووب دەیوت: ئەی پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) کە خواردنێک دەنێریت تەماشا دەکەم بزانم جێ پەنجەکانت لە کوێ داناوە منیش دەست بۆ ئەوێ دەبەم.  
لە سەردەمى خیلافەتى ئەبووبەکرى صدیقدا ئەبوو ئەیووب کۆیلەیەکى هەبوو بە ناوى ئەفلەح، ئەبوو ئەیووب لەگەڵ ئەفلەح رێککەوت کە بەرامبەر چل هەزار-درهەم- ئازادى بکات، ئەفلەح خۆی ئازاد کرد، ئەبوو ئەیووب لەو کارەى پەشیمان بوو، داواى لە ئەفلەح کرد ئەگەر رازى بێت ڕێککەوتنەکە هەڵبوەشێننەوە، ژن و منداڵەکانى ئەفلەح وتیان: دواى ئەوەى خوا رزگاریى پێ بەخشیت، دەتەوێت خۆت بکەیتەوە بە کۆیلە؟ ئەفلەح وتى: بەخوا ئەبوو ئەیووب چیم لێ داوا بکات بۆى دەکەم، ئەبووئەیووب پارەکەى دایەوە بە ئەفلەح و رێککەوتنەکەیان هەڵوەشاندەوە، هێندەى نەبرد ئەبوو ئەیووب هەواڵی نارد بۆ ئەفلەح وتى تۆ ئازادیت و پارەکەش هەر بۆ خۆت. 
ئەبوو ئەییووب لە دواییەکانى تەمەنیدا نەخۆش کەوت، سوپایەک ئامادە کرا بۆ غەزا و سەرکردەى سوپاکە یەزیدی کوڕی موعاویە بوو، ئەو سوپایە بەرەو قوستەنتینیە بەڕێکرا، یەزید هات بۆ لاى و وتى چیت پێویستە؟ ئەبوو ئەیووب وتى ئەگەر هاتوو مردم تەرمەکەم هەڵبگرەو بیبە لە خاکى دوژمندا ئەسپەردەم بکە، ئەوەبوو کە مرد یەزید تەرمەکەى برد و لەوێ ئەسپەردەى کرد. 
تەرمەکەى برا لە لێوارى شووراکانى قوستەنتینیەدا ئەسپەردەکرا،  پاشان یەزید فەرمانى کرد بڕێک سەرباز بە ئەسپەکانیان دەهاتن و دەچوون بەسەر گۆڕەکەیدا تا شوێنەوارى گۆڕەکەى دیار نەمێنێت نەبادا رۆمەکان دواتر تەرمەکەى دەربێنن. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)