خواردنی گۆشت

 

خواردنی ئەمجار كە باسی دەكەین، لەگەڵ حەز و هیوایەتی زۆربەماندا یەكدەگرێتەوە، خواردنی سەرەكی خوانی میوانداریە، ئەویش بریتیە لە گۆشت، خەڵكانی نەك تەنها بە خواردنەكەی، بەڵكو حەزیان بە باسكردنیشی هەیە.

زۆرجار لە توێژینەوە پزیشكیەكاندا باس لەوە دەكرێت كە خواردنی گۆشت هەندێ زیانی بەدواوەیە، وەك بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵ، زیادبوونی نەخۆشیەكانی دڵ، زەبحە و چەندین نەخۆشی تر، خەڵكانێكیش كە ئەمە دەبیستن یان دەخوێننەوە، خێرا لەپێناو خۆپاراستنیان بڕیار دەدەن ئیتر گۆشت نەخۆن، زۆر ناخایەنێت تاسەی خواردنی گۆشت دەیانگرێت و روویشیان نایەت پاشگەز ببنەوە لەو وەعدەی داویانە، چونكە لەشیان داوای دەكات، جا هەندێ لەسەری دەمێننەوەو هەندێكیش خراپتر لە جاران دەست دەكەنەوە بە گۆشت خواردن.

كێشەكە لە گۆشت خواردنەكەدا نیە، بەڵكو گۆشت خواردن پێویستە بۆ لەش، بۆیە خوای گەورە قوربانی داناوە هەتا ئەوانەش كە هەژارن و توانای گۆشت كڕینیان نیە، هیچ نەبێ لە ساڵێكدا جارێك گۆشتیان بەربكەوێت و بیخۆن، كێشەكە لە زۆرخۆریەكەیدایە،

سەردەمانی زوو خوای گەورە وەك سزایەك بۆ لاساری جوولەكەكان، گۆشت و چەوری ئاژەڵی لەسەر حەرام كردبوون، جا هەندێ لەوانەی ناچار بوون پابەند بن پێیەوەو لەسەر خۆیشیان حەرام بوو، هەوڵیان دەدا لە هەموو خەڵكی حەرام بكەن، ئەمڕۆش دەڵێن چەوری ئاژەڵ كۆلیسترۆڵ بەرز دەكاتەوە، بەڵێ ئەمە راستیەكی هەیە، بەلآم سودێكی زۆریشی تێدایە بۆ لەشی مرۆڤ، تەنها هێندە گرنگە بە پێوەرێكی دروست بخورێت.

دەكرێت ئەمڕۆ و سبەی چەند توێژینەوەیەك بخوێنیتەوە كە باس لە خراپی گۆشت بكەن، نابێت بەوانە قەناعەت بكەیت، چونكە پێوەری دروست بریتیە لە پەیامی خوا و سیستمی خۆراكیی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) كە رێگەیان داوە بە خواردنی گۆشت و لە هەندێ كات و حاڵەتیشدا مرۆڤیان بۆ هانداوە، وەك چۆن دەیان بابەتی تر بە توێژینەوە شتێكیان سەلماند پێچەوانەی ئەوەی لە ئیسلامدا باسكراوەو دوای ماوەیەك بە توێژینەوەی تر هەڵەو نادروستی ئەو پێچەوانەبوونەیان سەلماند، ئەمڕۆ و سبەیش هەمان شت دووبارە دەبێتەوە، بۆیە پێوەرە سەرەكیەكە لە پێناو ئەگەرە كاتیەكاندا پشتگوێ مەخە.

لەگشت دنیا یەك پەستراو و خودایەك

لەناو ملیۆنان ڕێگادا ڕێگایەك

ئەگەر خەڵكی گشت خودانێ بەڕێبەر

لەلای من هەر یەكە و هەر پێشەوایەك

ئاشكارە كە ڕێگای جۆر بە جۆر هەن

بەڵام هی من هیوایەكە هیوایەك

خودایە عەزمی من ئەوهایە ئەمما

گوناهبارم دەسا لوتف و نیگایەك

خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا باس لە ئاژەڵەكان دەكات، دەتوانین لەو روانگەوە ریزبەندی گۆشتەكان وەربگرین (ثَمَانِيَةَ أَزْوَاجٍ مِّنَ الضَّأْنِ اثْنَيْنِ وَمِنَ الْمَعْزِ اثْنَيْنِ قُلْ آلذَّكَرَيْنِ حَرَّمَ أَمِ الأُنثَيَيْنِ أَمَّا اشْتَمَلَتْ عَلَيْهِ أَرْحَامُ الأُنثَيَيْنِ نَبِّؤُونِي بِعِلْمٍ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ(143) وَمِنَ الإِبْلِ اثْنَيْنِ وَمِنَ الْبَقَرِ اثْنَيْنِ قُلْ آلذَّكَرَيْنِ حَرَّمَ أَمِ الأُنثَيَيْنِ أَمَّا اشْتَمَلَتْ عَلَيْهِ أَرْحَامُ الأُنثَيَيْنِ أَمْ كُنتُمْ شُهَدَاء إِذْ وَصَّاكُمُ اللّهُ بِهَذَا فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللّهِ كَذِبًا لِيُضِلَّ النَّاسَ بِغَيْرِ عِلْمٍ إِنَّ اللّهَ لاَ يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ(144) قُل لاَّ أَجِدُ فِي مَا أُوْحِيَ إِلَيَّ مُحَرَّمًا عَلَى طَاعِمٍ يَطْعَمُهُ إِلاَّ أَن يَكُونَ مَيْتَةً أَوْ دَمًا مَّسْفُوحًا أَوْ لَحْمَ خِنزِيرٍ فَإِنَّهُ رِجْسٌ أَوْ فِسْقًا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللّهِ بِهِ فَمَنِ اضْطُرَّ غَيْرَ بَاغٍ وَلاَ عَادٍ فَإِنَّ رَبَّكَ غَفُورٌ رَّحِيمٌ(145)) (الأنعام: ١٤٣ - ١٤٥)، (لە ئاژەل و مالآتیشدا هەشت جووت (گۆشت خوراوی) بۆ دروست كردن لە جۆری مەڕدا دووان" مەڕو بەران"  و لە جۆری بزنیشدا دووان- نێرو مێی- تگەو بزن بڵی: ئا خۆ خوا نێری ئەو دوانەی یاساغكردووە، یان مێینەكانیان؟ یان ئەوی حەرامكردووە لە منداڵدانی مێیینەكاندایە؟ جا ئەگەر ئەوانە قسەی ئاوا بكەن، ئەوە هیچی وانییە، چونكە گەلی جار گۆشتەكەیان ئەخۆن و سواری وشترەكان ئەبن، كەوابوو ئەم قەدەغە كردنەیان لە كوێوە هێنا؟ ئەگەر لە بەر نێرینەكان بێت، دەبی هەموونێرینەكان لێیان حەرامبن، خۆ ئەگەر لەبەر مێیینەكانیش بێت، دیسان دەبی مێیینەكان هەموو حەرامبن لێیان دەسا ئەگەر ڕاست ئەكەن –لە داواكەتاندا- كە دەڵێن  خوا (بەحیرەو ساییبەو وەصیلەو حام)ی حەرامكردووە، بەڵگەیەكی راست و ڕەوانم نیشان بدەن لە جۆری وشتریش دوانی "نێرو می و" لە جۆری گایش دوانی نێرو مێی بۆ فەراهەمهێنان هەمیسان بڵی: باشە! نێرەكانی حەرامكردووە، یان مێیینەكانیان، یان ئەوی لە منداڵدانی مێییەكاندایە؟ یان ئێوە لەوێبوون ئەوكاتە كە خوا ئەم  مەبەستەی پێڕاسپاردن ؟ واتە: كاتی ئەو جۆرە ماڵیاتانەی لێحەرامكردن ئێوە بۆ خۆتان ئاگادار بوون؟! جا دەبی چ كەسی لەوكەسە ستەمكارترو سەركێش تربێت ، كە درۆو دەلەسە لە سەر خوا هەڵبەسێت؟ و بی ئەوە هیچ جۆرە زانیارییەكی لەو بارەوە هەبی و خەڵكیش گومڕاو سەرلێشێواو بكا بەڕاستیی خوای گەورە گەلی ستەمكار ئاشناو شارەزای رێگەی راست  ناكات. بەوانە  كە لە خۆیانەوە ئەو ئاژەڵ ومەڕو مالاَتە یاساغ ئەكەن بڵی: لەوشتانەدا خوای گەورە بەوەحی بۆی ناردوم ، شتێك نابینمەوە خواردنی لە كەسێك حەرام بی، باشە! ئێوە ئەو هەموو شتانەتان چۆن حەرامكرد؟ بێجگە لە مردارەوە بوو، یان خوێنێكی ڕژێندراو، یان گۆشتی بەراز كە بێگومانە ئەو (بەراز)ە، هەموو گیانی پیس و قیزەونە یان مەگەر ئاژەڵی كە بە ناوی غەیری خواوە سەربڕابی ئینجا هەركەسێك  بە ناچاریی و بەبی ئارەزوو، ئەو حەرامانە بخواو، لە ئەندازەی پێویست نەچێتەدەر، هیچ گوناهێكی ناگا، چونكە بەراِستیی پەروەردگارت – بەتایبەتی لە كاتی وادا-  زۆر لێبوردەیە، زۆریش بەروحم و میهرەبانە).

هەموو ئەوانەش وەك بەخششی خوایی باس كراون و ناكریت مرۆڤ خۆی بێبەش بكات لێیان.

ئەو پڕۆتین و وزە سوودبەخشانە خوای گەورە لە گۆشتی ئاژەڵدا دایناوە، بۆ جەستەی مرۆڤ پێویستە و مرۆڤ ناتوانیت دەستبەرداریان بێت، گۆشت هەریەك لەمانەی تێدایە: ڤیتامینB12، B6، نایەسین، ڕیبۆفلاڤین، پەیامین، زینك، سیلینیۆم، فۆسفۆڕ، پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم، سۆدیۆم، مس، ماددەیەكی پێویستە بۆ پێكهاتەی ئێسك و ددان، بۆ بەهێزكردنی توانای بەرگری لەش، بۆریەكانی خوێن رێك دەخات و بەهێزیان دەكات، تەغزیەی مێشكی مرۆڤ دەكات و بەهێزی دەكات، بۆ زیرەكی مندالآن گرنگە.

بەلآم لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە بزانین چەندە و چۆن و كەی گۆشت بخۆین، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە دەستمان داوەتێ زۆر نەگونجاوە، جا هیچ كەس ئەم بابەتە نەكاتە بیانوو بۆ ئەوەی خوو بداتە گۆشت خواردن، ئەگەر هەفتەی جارێك بخورێت هەوڵ بدە بیكەیت بە دوو هەفتە جارێك، چونكە گۆشت ماوەیەكی زۆری ئەوێت تا پێكەوە ئەنرێت، بۆیە گۆشتی بەرخ لە گۆشتی مەڕ بەسوودترە، چونكە مەڕ ماوەیەكی زیاتری دەوێت تا گۆشتەكە پیچكەوە بنێت، گۆشتی مەڕیش لە گۆشتی مانگا باشترە، ئێستا بتەوێت گۆشتێ كە چەند مانگێ یان چەند ساڵێكی ویستووە پێكەوە بنرێت، لە گەدەتدا بە چەند كاتژمێرێك هەرس بكەیت، ئەزیەت و ناڕەحەتی هەیە،  بۆیە زۆرخواردنی گۆشت نەوەك سوودەكەت پێ لەدەست دەدات، بەڵكو زیانیشی دەبێت، گەدە و جۆگەی هەرس ماندوو دەكات و دەبێتە هۆی قۆڵۆن.

باشتر وایە كە گۆشت خورا، گۆشتی تازە بخورێت، هەروەها سەوزە و میوەی لەگەڵدا بخورێت.

منداڵ هەتا تەمەنی پاش باڵغبوونیش زۆر پێویستی بە گۆشت هەیە، چونكە ئەو تەمەنە تەمەنی گەشەیە و گۆشتیش یەكێكە لە خۆراكە پێویستەكان بۆی، یان ئەو نەخۆشانەی نەشتەرگەری دەكرێن یان ئەوانەی ماوەیەك خواردن ناخۆن، هەموو ئەمانە پێویستیان بە گۆشت خواردنە.

هەركات بتوانین سیستمی خۆراكیمان بە گشتی و خواردنی گۆشت بە تایبەتی رێك بخەین، لەبری ئەوەی ترسمان لە زیانەكانی وەك بەرزبوونەوەی كۆلیسترۆڵ و پەستانی خوێن و شەلەل بێت، بێخەم ئەبین لە دەیان سوود و بەخشش لە رێی خواردنی گۆشتەوە، چونكە ئەوكات گۆشت ئەزانێت لە كوێدا نەقس و كەموكورتیەكت هەیە، خێرا پڕی دەكاتەوەو لەبەر زۆرخۆری كەڵەكە نابێت لە لەشدا، بەلآم كە زیادەخۆریمان كرد، هەمووی وەك چەوری لەسەر جگەر و لەناو بۆریەكانی خوێندا ئەنیشێ و دەیان زیانمان پێ دەگەیەنێ، دائولمولوك نموونەیەكە لەوانە كە بەهۆی زۆرخواردنی گۆشتەوە وا لە مرۆڤ دەكات وائەزانێت بزمار لەنێو جومگەكانیدایە، ئێستا ئەوەی دەمانخوارد هەتا سوودی لێ وەربگرین، بۆتە زیان بۆ لەشمان و لەبری خۆپاراستن بووە بە نەخۆشی، بۆیە تكامان وایە بە بەرنامە گۆشت بخۆین، نە پشتگوێی بخەین و نە زێدەڕۆیی تێدا بكەین، ئەوەی لێمان زیادە بیدەین بە هەژارێك بۆ ئەوەی هەم خۆمان لە زیانەكانی زۆرخۆری بپارێزین، هەم پاداشتێ بۆ دواڕۆژمان بەدەست بخەین، هەم ویژدانمان ئاسوودە بكەین، هەم پێویستی خۆراكیی كەسە هەژارەكانیش دابین بكەین.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123