شێوازى رۆيشتنى پێغەمبەرى خوا

شێوازى رۆيشتنى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رۆشتنێكى خێرا بوو، خێراييەك كە خۆماندووكردن نەبێت، بەڵكو هێندە خۆى راهێنابوو لەسەر رێكردن، كاتێك بە ئاسايى رێى دەكرد، هاوەڵان نەياندەتوانى پێ بەپێى بڕۆن، بۆ ئەوەى خۆيان بگەيەننەوە پێى، ماندوو دەبوون، ئەمەش ئەنجامى رۆيشتنى زۆرە، ئەگەرنا كەسێك زۆر لەسەر جۆرێكى وەرزش رانەهاتبێت، بە خێرائەنجامدانى ئەو وەرزشە ماندوو دەبێت.

ئەبووهوڕەيرە دەڵێت (مَا رَأَيْتُ أَسْرَعَ فِي مِشْيَتِهِ مِنْ رَسُولِ اللَّهِ كَأَنَّ الْأَرْضَ تُطْوَى لَهُ، إِنَّا لَنُجْهِدُ أَنْفُسَنَا، وَإِنَّهُ لَغَيْرُ مُكْتَرِثٍ[1] (هيچكەسم نەديوە هێندەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خێرا رێ بكات، هەر دەتوت زەوى بۆى دەپێچرێتەوە، ئێمە زۆر خۆمان ماندوو دەكرد و هەناسەبڕكێمان تێئەكەوت بۆ ئەوەى پێ بەپێى ئەو بڕۆين، كەچى ئەو هيچ خۆى تێكنەدەدا).

سەروەرمان كە دەچوو بەڕێدا، كەمێك بەرەوپێشەوە خۆى دەخست، وەك بڵێيت لە بەرزاييەكەوە بەرەو خوارەوە لێژ ببێتەوە، ئەمەش بۆ راگرتنى هاوسەنگييە لە كاتى رۆيشتندا، وەك لە گێڕانەوەكەى عەلى كوڕى ئەبووتاليبدا سەبارەت بە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە (إِذَا مَشَى تَكَفَّأَ تَكَفُّؤًا ، كَأَنَّمَا يَنْحَطُّ مِنْ صَبَبٍ).[2]

هاوەڵان هەوڵيان دەدا خۆيان لەسەر رێكردن رابهێنن، بەڵام زۆرجار ماندوێتيى زۆرى بۆ دەهێنان، بۆيە چوونە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سكاڵاى حاڵى خۆيان كرد، ئەويش لە وەڵامدا فەرمووى (عَلَيْكُمْ بِالنَّسَلَانِ)، (خێراتر رێ بكەن)، هاوەڵانيش رێنماييەكەيان جێبەجێ كرد، سەيريان كرد ئەو ماندوێتييەى جارانيان نەما.[3]



[1] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 8723.

[2] - جامع الترمذي - أبواب المناقب عن رسول الله، الرقم 3637 وقال حسن صحيح.

[3] - صحيح ابن خزيمة - كتاب المناسك - باب استحباب النسل في المشي عند الإعياء من المشي، الرقم 2537.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى