بيلالى كوڕى رەباح(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى بیلالی کوڕی رەباحە، یەکێک بوو لە دەستەى یەکەمى موسڵمان بوانى مەککە، بانگبێژو خۆشەویست و هاوەڵی زۆر نزیکی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو. 
بیلالی کوڕی رەباح کەسێکی لاوازى بالآبەرز بوو، قژی زۆر بوو. 
بیلال یەکێک بوو لەو دەستە یەکەمینەى کە موسڵمان بوونی خۆیان راگەیاند، وەک لە گێڕانەوەیەکدا هاتووە یەکەم کەسانێک موسڵمانبوونى خۆیان راگەیاند بریتی بوون لە حەوت کەس: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەکر و عەممار و سومەییەى دایکی عەممار و بیلال و صوهەیب و میقداد.
بێباوەڕان ئەزیەتى بیلالیان دەدا بەو هیوایەى پاشگەز ببێتەوە لە ئیسلام، ئەویش کە ئامادەیی نەبوو داواکەیان قبووڵ بکات، ئەوانیش دەیاندایە دەست مێردمندالآن تا رایکێشن بە دۆڵەکانى مەککەدا، ئەویش بەردەوام دەیوت أحد أحد. 
کاتێک بیلال ئازار دەدرا بێباوەڕان پێیان دەوت ئەوە بڵێ کە ئێمە دەیڵێین، بیلالیش دەیوت زمانم پێی ناوترێت-نایەتە سەرزمانم-،  وەک ئەوەى بڵێت وا کوفرم وازلێهێناوە زمانیشم نەتوانێت بیڵێتەوە.
جارێک بیلالى کوڕی رەباح لەلایەن قوڕەیشیەکانەوە ئازار دەدرا، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کە ئەوەى دیبوو کاتێک گەیشت بە ئەبووبەکر فەرمووى (خۆزگە شتێکمان لا دەبوو-پارەیەکمان دەبوو- بیلالمان پێ دەکڕی)، ئەوەبوو ئەبووبەکر بیلالى کڕی و ئازادى کرد. 
بیلالی کوڕی رەباح یەکێک بوو لە بەشداربوانى بەدرو لەو غەزایەدا رۆڵی بەرچاوى هەبوو ، ویستى خواش وابوو لەو غەزایەدا ئومەییەى کوڕی خەلەفی کوشت. 
بیلال لە غەزاکانى ئوحود و خەندەق و هەموو غەزاکانى تریشدا بەشدارى کرد. 
بیلال لەلایەن پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) مزگێنی چوونە بەهەشتی پێ دراوە، وەک لە فەرموودەیەکدا هاتووە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو(ئەى بیلال .. من لە بەهەشتدا گوێم لە تەپەى نەعلەکانت بوو لە پێش خۆمەوە). 
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (جار بووە 30 رۆژ و شەوم بەسەردا هاتووە و من و بیلال هیچ خواردنێکمان نەبووە بیخۆین جگە لە شتێ کە لە ژێر باڵی بیلالدا هەبوو). 
بیلالی کوڕی رەباح یەکەم بانگ بێژی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو، دواتریش لە مانەوەو گەشت و چوونەدەرەوەى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەردەوام بیلال بانگى دەدا. 
لە فەتحى مەککەدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمانى کرد بە بیلالی کوڕی رەباح تا بچێتە سەر کەعبە و بانگ بفەرموێت. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کۆچی دوایی کرد ئیتر بیلال تواناى نەما بانگ بدات، بۆیە داواى لە خەلیفە ئەبووبەکر کرد مۆڵەتى بدات بچێت بۆ جیهاد، خەلیفەش رێی پێدا و بیلالیش چوو بەرەو شام،  هەر لەوێیش وەفاتى کرد.
عومەرى کوڕی خەططاب دەیوت: ئەبووبەکر گەورەمانەو گەورەى ئێمەشی ئازاد کرد-واتە بیلال. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)