سەعدى کوڕی ئەبی وەقاص(رەزاى خواى لێ بێت)

ناوى سەعدى کوڕی مالیکەو باوکى بە ئەبی وەقاص ناسراوە،،  دایکیشی ناوى حەمنەى کچی سوفیانە. 
ئەم هاوەڵە لە کۆچەریەکانەو لە تەمەنى حەڤدە ساڵیدا بوو. 
سەعد هێندە زوو موسڵمان بوو کە خۆى دەڵێت: حەوت دانە شەوم بەسەر برد، لەو ماوەدا من سێ یەکی ئیسلام بووم. 
سەعد لەسەر دەستى ئەبووبەکری صدیق بانگەوازى ئیسلامى وەرگرت. 
جارێک سەعد لەگەڵ دەستەیەک لە هاوەلآن لە شیوێکی مەککەدا نوێژیان دەکرد، دەستەیەک لە بێباوەڕانى قوڕەیش هاتن بۆ لایان و گاڵتەیان پێدەکردن، ئینجا کەوتنە لێدانى موسڵمانان، سەعدیش هەستا و داى لە یەکێکیان و جەستەى خوێناوى کرد. 
سەعد هاودەم بە عومەیری براى کۆچیان کرد بۆ مەدینە، لەوێ لاى عوتبەی برایان مانەوە کە پێشتر بەهۆی خوێنێکەوە کە رشتبووى چووبوویە مەدینە. 
کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برایەتى خستە نێوان کۆچەران و پشتیوانانەوە، برایەتى خستە نێوان سەعدى کوڕی ئەبی وەقاص و سەعدى کوڕی موعاذەوە. 
سەعد یەکەم کەس بوو لە رێی خوادا تیری هاویشت. 
سەعد لە غەزاى بەدردا بەشدارى کرد، خۆی دەڵێت: پێش ئەوەى بچین بۆ بەدر، عومەیری برامم بینی خۆی دەشاردەوە، وتم براکەم ئەوە چیتە؟ وتى ترسی ئەوەم هەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بمبینێت و بە بچووکم بزانێت و نەهێڵێت بەشدارى غەزاکە بکەم، حەزیش دەکەم بێم و بەشدار بم بەڵکو خوا شەهیدیم پێ ببەخشێ، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوی بە بچوک زانى و گێڕایەوە، عومەیر دەستى کرد بە گریان، دواتر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مۆڵەتى پێدا، منیش بینیم هێندە بچووکە خۆم بەرگە سەربازیەکەیم بۆ رێکدەکرد، لە غەزاکەدا کوژرا و تەمەنى هێشتا شانزە سالآن بوو. 
سەعد هێندە بیرو هۆشى لاى ئیسلام بوو، دەیوت: هێندەى سوور بوم لەسەر کوشتنى عوتبەى کوڕی ئەبی وەققاص، هیچ کات هێندە سوور نەبوم لەسەر کوشتنى هیچ کەسێک، چونکە عوتبە خوێنی هێنابوو بە دەموچاوى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم). 
لە غەزاى ئوحوددا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کیفی تیرەکانى خۆی دەدا بە سەعد و دەیفەرموو (بوەشێنە بە دایک و باوکمەوە بەقوربانت بم). 
سەعد لە سەرجەم غەزاکانى تریشدا بەشداریەکی کاراى هەبوو.
لە فەرموودەى صەحیحدا هاتووە کە سەعد یەکێکە لەو دە هاوەڵەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) موژدەى بەهەشتی پێدان. 
جابیری کوڕی عەبدولآ دەڵێت جارێک سەعدى کوڕی ئەبی وەققاص هات و ئێمەش لە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیشتبووین، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى: ئەوە خاڵۆی منە، جا کامتان دەیەوێ با خاڵۆی خۆی بخاتەڕوو)، ئەمەش وەک شانازى کردنێک بە سەعدى کوڕی ئەبی وەققاصەوە. 
سەعد دەڵێت جارێک لە مەککە نەخۆش کەوتم و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەژوورەوە بۆ لام، دەستى خستە سەر تەوێڵم و دەستى هێنا بە دەموچاو و سنگ و سکمدا و فەرمووى (خوایە شیفاى سەعد بدەو هیجرەتەکەى بۆ تەواو بکە)، تا ئێستاش هەست بە ساردى جێدەستى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەکەم لەسەر جەرگم. 
کاتێک ئەبووبەکری صدیق دژ بە هەڵگەڕاوەکان جەنگى راگەیاند، مەترسی لەسەر مەدینە دروست دەبوو، بۆیە پاسەوانى شەوانەى بە دەورى مەدینەدا دانا و بڕێک کەسی کرد بە ئەمیری دەستە دەستەی ئەو پاسەوانانە، لەوانەش سەعدى کوڕی ئەبی وەققاص. 
سەعدى کوڕی ئەبی وەققاص سەرکردەى فتووحاتى عێراق بوو، لە جەنگى قادسیەدا پێشڕەوى سوپا بوو و خواى گەورە لەسەر دەستى ئەو سەرکەوتنى بەخشی بە موسڵمانان. 
کاتێک عومەر کوڕی خەططاب بریندار کرا و لە دواڕۆژەکانى ژیانیدا بوو، ویستی پاش خۆی خەلیفە دابنرێت، بۆیە شەش کەسی دیارى کرد تا یەکێک لە خۆیان هەڵبژێرن بۆ خیلافەت، یەکێک لەو شەش کەسە بریتی بوو لە سەعدى کوڕی ئەبی وەققاص. 
کاتێک عوثمانى کوڕی عەففان گەمارۆ درابوو، سەعدى کوڕی ئەبی وەققاص چوو بۆ سەردانى و هاودەم بە چەند هاوەڵێکی تر، داواى لە عوثمان کرد تا بەرگرى بکەن و بجەنگن، بەلآم خەلیفە  رێی پێ نەدان. 
لە سەردەمى خیلافەتى عەلى کوڕی ئەبووطالیبدا سەعد کەنارى گرت لە فیتنەو لە هەردوو جەنگى جەمەل و صفین بەشدار نەبوو و دووریشی گرت لە مەسەلەى تەحکیم. 
دواجار لە ساڵی پەنجاو پێنجى کۆچی و لە تەمەنى هەشتا و دوو ساڵیدا، لە ناوچەی عەقیق وەفاتى کرد، ئینجا تەرمەکەى برا بۆ مەدینە. 
ماڵپەرى د. عبدالواحد محمد صالح



بابەتی پەیوەندار

صوهەیبی رۆمی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەلمانى فارسی (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعیدى کوڕی عاص(رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی موعاذ(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووسەعیدی خودری (رەزاى خواى لێ بێت)

سەعدى کوڕی عوبادە(رەزاى خواى لێ بێت)

ئەبووطەلحەى ئەنصارى (رەزاى خواى لێ بێت)

زەینەبی کچی جەحش (رضي الله عنها)

زەیدی کوڕی حارثه(رەزاى خواى لێ بێت)

زەیدى کوڕی ثابت (رەزاى خواى لێ بێت)