رێڕەوی تۆمەتەكان بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

لە باسەكانی پێشوودا یەك بە یەكی دیارترین ئەو گومانانەمان شرۆڤە كرد كە بێباوەڕان بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) وروژاندبوویان و لە قورئانیشدا ئاماژەیان پێ دراوە، چونكە ئەو گومانانە لە هەر سەردەمێكدا بە رەنگ و بۆیەكی جیاواز دەخرێنەڕوو، ئێمەش هێندەی توانامان هەبووبێت شرۆڤەیەكی وردی ئەو گومانانەمان كرد، ئێستاش لێرەدا دەچینە سەر دەرەنجامەكان، واتە ئەو ئەنجامە گشتیانەی لە شرۆڤەی ئەو گومانانەوە دەستمان دەكەون.

بۆچی دەبێت تۆمەتی شێتی و جادووگەری و شاعیرێتی و كاهینێتی و.. هتد بدرێتە پاڵ پێغەمبەری خوا؟ سەرچاوەو هۆكاری ئەم تۆمەتانە چین؟ تۆمەتەكان چ رێڕەوێكیان گرتۆتەبەر؟ ئەگەر هۆكار و سەرچاوەكەمان زانی، دەتوانین چارەسەرو وەلآمەكەشی بزانین، ئەگەر رێرەوی تۆمەتەكانمان لەبەرچاو روون بوو، ئاسان دەتوانین لە خودی تۆمەتەكان تێبگەین و وەڵامەكانیان وەربگرین، ئەگەر كەسێك بە شپرزەیی دەربكەوێت، جێی پرسیارە لاى هەر كەسێك، بەلآم هەركات زانییان بەهۆی مەرگی كەسێكی خۆشەویستیەوە وایلێهاتووە، ئاسایی حاڵەتەكە وەردەگرن.

یەكەم: هەركات دەرەقەتی بانگەوازێك نەهاتیت كەسایەتیەكانی بخە:

هۆكارێكی سەرەكی تۆمەتەكان بریتیە لە بەرنامەی كاری بێباوەڕان، ئەوان هەركات بە بەرنامە و پەیامێك نەوێرابن، هەوڵیانداوە كەسایەتی دیاری ناو بەرنامەكە بشكێنن بۆ ئەوەی لەوێوە پەیامەكە لەناوبەرن یان هیچ نەبێت لاوازی بكەن، نموونەی ئەوەش مشتومڕی نێوان پێغەمبەر مووسا و فیرعەونە كە لە قورئاندا باسكراوە:

(قَالَ فِرْعَوْنُ وَمَا رَبُّ الْعَالَمِينَ (23) قَالَ رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا إِنْ كُنْتُمْ مُوقِنِينَ (24) قَالَ لِمَنْ حَوْلَهُ أَلَا تَسْتَمِعُونَ (25) قَالَ رَبُّكُمْ وَرَبُّ آَبَائِكُمُ الْأَوَّلِينَ (26) قَالَ إِنَّ رَسُولَكُمُ الَّذِي أُرْسِلَ إِلَيْكُمْ لَمَجْنُونٌ (27) قَالَ رَبُّ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ وَمَا بَيْنَهُمَا إِنْ كُنْتُمْ تَعْقِلُونَ (28) قَالَ لَئِنِ اتَّخَذْتَ إِلَهًا غَيْرِي لَأَجْعَلَنَّكَ مِنَ الْمَسْجُونِينَ) (الشعراء: ٢٣ - ٢٩) (ئینجا فیرعەون بە موساى وت: باشە ئەو پەروەردگارى جیهانیانە كێیە؟! موسا وتى: هەرگیز تۆ خوانیت، خواى جیهانەكان، پەروەردگارو بەدیهێنەرى ئاسمانەكان و زەویى و ئەوەى لە نێوانیاندایە، ئەگەر دڵێكى وریاو چاوێكى كراوەتان هەبێت و لە یەقین داران بن بەو وەلاَمە جا فیرعەون لە قسەكەى موسا زۆر سەرى سوڕما، بۆیە بەفیزێكەوە بەوانەى لە دەوروبەرییدا بوون گوتى: ئایا نابیسن ئەم پیاوە چى دەڵىَ؟ سەیرە! مووسا وتى: خەڵكینە! هەر ئەو خوایە، پەروەردگارى ئێوەش و پەروەردگارى باوو باپیرانە پێشینەكانیشتانە، فیرعەون وتى: خەڵكینە! وا دیارە ئەو پێغەمبەرەى كە بۆ ئێوە نێردراوە، دێوانەو شێتە!! موسا وتى: ئەو خوایە، راهێنەرو پەروەردگارى خۆرهەلآت و خۆرئاواو گشت ئەو شتانەشە لە نێوانیاندایە، ئەگەر ئارەزوو فامتان هەبىَ و، بیرو ئەقڵتان بخەنە كار فیرعەون وتى: بێگومان ئەگەر جگە لە من كەسێكى تر بپەرستیى و بیكەیتە خواى خۆت دڵنیابە ئەتخەمە ڕیزى زیندانكراوەكانەوە).

واتە كاتێك ناتوانێت بە مشتومڕی زانستی و بەڵگەی دروست وەلآمی پێغەمبەر مووسا بداتەوە، هەوڵ دەدەات بەر بگرێت بە كەسایەتی نێو پەیامەكە كە پێغەمبەر مووسایە و بیكاتە بەندیخانەوە، ئەم هەڵسوكەوتەش پشتاو پشت لە باوباپیرانیانەوە بۆ بێباوەڕان ماوەتەوەو هەتا ئەمڕۆش لەسەری دەڕۆن و لە داهاتووشدا دەستی لێ هەڵناگرن.

بێباوەڕانی قوڕەیشیش كە نەیانتوانی بە بەڵگەو گفتوگۆ قەناعەت بە پێغەمبەری خوا بكەن و پاشگەزی بكەنەوە، هەوڵیاندا بدەن لە خودی كەسایەتی ئەو پێغەمبەرەی كە خۆیان پێشتر دانی خێریان دەنا بە كەسایەتیەكەیدا، ئەمجار لە ناچاریدا تۆمەتیان بۆ دروست دەكرد لەپێناو ئەوەی بانگەوازەكە بخەن، خواى گەورەش ئاماژەی داوە بەم راستیە (قَدْ نَعْلَمُ إِنَّهُ لَيَحْزُنُكَ الَّذِي يَقُولُونَ فَإِنَّهُمْ لَا يُكَذِّبُونَكَ وَلَكِنَّ الظَّالِمِينَ بِآَيَاتِ اللَّهِ يَجْحَدُونَ (33) وَلَقَدْ كُذِّبَتْ رُسُلٌ مِنْ قَبْلِكَ فَصَبَرُوا عَلَى مَا كُذِّبُوا وَأُوذُوا حَتَّى أَتَاهُمْ نَصْرُنَا وَلَا مُبَدِّلَ لِكَلِمَاتِ اللَّهِ وَلَقَدْ جَاءَكَ مِنْ نَبَإِ الْمُرْسَلِينَ) (الأنعام: ٣٣ - ٣٤(چاك ئەزانین بەوقسانەى كە كافروبىَ باوەڕەكان بەرامبەر بە تۆ دەیكەن و دەڵێن، گوایە بەقسەى ئەوان تۆ شاعیرو شێت بى! ئەوساش بەو وشە ناپەسەندەیان دڵ زویر ئەبیت، لەڕاستیشدا لەسەر بنەمایەك بەدرۆزنت نازانن، بەڵكو چاك ئەزانن تۆ راستگۆیت، بەڵكو لەبەر  ئەمەیە كە ستەمكارو بىَ باوەڕەكان كردوویانە بەپیشە كە هەردەم نكوڵى و ململانێى ئایەتەكانى خوا بكەن، فرەیەك لە پەیامبەرانى بەر لەتۆ سوێند بە خوا لەلایەن گەلەكەیانەوە بە درۆ خرانەوەو، ئازارو ئەشكەنجە دران و، باوەڕیان پێنەكردن و، ددانیشیان بەخۆدا گرت هەتا یارمەتى ئێمەیان پێگەیى، دەسا تۆش وابە. خۆ هیچ كەسێكیش نیە بتوانىَ بڕیار و بەڵێنەكانى خوا بگۆرىَ بەرامبەر بەیارمەتی پێغەمبەران، دیاریشە كە هەواڵى پەیامبەرانت پێگەیشتووە كە چۆن ئازار دران و، چۆنیش توانییان لەبەرامبەریەوە خۆ ڕاگربن هەتا سەرئەنجام كۆمەكى خوایان بۆ هات و سەركەوتن).

هاوەلآنى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) زۆر بە رێز و گەورەیی تەماشای پێغەمبەری خوایان دەكرد، هێندە رێزیان دەگرت بە سەری نینۆكەكانیان تەقەیان دەدا لە دەرگای ماڵی،[1] روویان نەبوو تێر سەیری نێو چاوانى بكەن،[2] نەیاندەهێشت ئاوى دەستنوێژی بكەوێتە سەر زەوی،[3] رێزێكیان لێ دەگرت كە لە كیسرا و قەیصەرەكانى فارس و رۆم نەدەگیرا،[4] تەنها جارێ بەس بوو شكۆ و كەسایەتی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە دڵ و دەروونیاندا لەكەدار ببێت بۆ ئەوەی جارێكی دی بەو چاوەوە سەیری نەكەن و گوێڕایەڵی نەبن و خۆیان نەكەنە قوربانی رێ و بانگەوازەكەی.

ئەبێت بانگخوازانی ئەمڕۆش لەوە دڵنیا بن هەركات پەیامەكەیان بە بەهێزی پێشكەش كرد، ناحەزان ئیسلام وازیان لێ ناهێنن و هەر جۆرە هەنگاوێك دەنێن بۆ شكاندنى كەسێتی ئەو بانگخوازانە، سەرەتا هەوڵ دەدەن بیروباوەریان بشێوێنن، ئەگەر نەیانتوانی هەوڵ دەدەن گومان لەسەر رەوشت و كەسێتییان دروست بكەن و سەدان رێگەی ماددى و مەعنەوی بۆ دەگرنەبەر، ئەگەر ە هیچ كامیاندا سەركەوتوو نەبوون، باكیان لەوە نیە پەنا ببەن بۆ كوشتنی.

دووەم: تۆمەت ئاسان بلآودەكرێتەوەو بە سەختی دەڕەوێتەوە:

تۆمەت لە دڵدا زۆر دەمێنێتەوەو بە سەختی دەڕەوێتەوە، كۆمەڵێك كەس پێكەوە بن، یەكێكیان بڵێت ئێستا یەكێك دێت بۆ لامان دەستی پاك نیە، ئەگەر كابرا زۆر دەستپاكیش بێت، لاى هەموو ئامادەبوان گومانى لێدەكرێت و ماوەیەكی زۆر زۆری دەوێت هەتا ئەو تۆمەتەیان لا بڕەوێتەوە، بێباوەڕانى قوڕەیشیش ئەو تۆمەتانەیان لەنێو خۆیاندا نەدەوتەوە، بەڵكو لاى ئەو كەسانە باسیان دەكرد كە تازە دەهاتنە ناو شارەكەو بە چاكى پێشینەی پێغەمبەری خوایان لا نەبوو، بۆیە خێرا بڕوایان دەكرد، كەسی وا هەبووە هاتووە بۆ حەج، ناوى پێغەمبەری خوایشی نەبیستووە نەوەك ئەوەی كەسایەتیەكەی بناسێت، لە پڕێكدا سەدان كەسی ناو شارەكەی پێی دەڵێن ئەم كابرا خزمى ئێمەیە و خۆمان دەیناسین، وریای بە كەسێكی شێتە، كەسێكی جادووگەرە، یان كاهینە، یان جادووی لێكراوە، یان درۆزنە، بە هەر پێوەرێك تەماشای بكەیت ئەم كەسە لە ئاست پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) هەڵوێست وەردەگرێت و ناتوانێت بە ئاسانی متمانەی پێ بكات.

ئیسلام رێگەی بەدگومانی بڕیوەو بە تاوانی داناوە (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِنَ الظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ وَلَا تَجَسَّسُوا وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضًا أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتًا فَكَرِهْتُمُوهُ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ تَوَّابٌ رَحِيمٌ) (الحجرات: ١٢)، (ئەى ئەوكەسانەى بڕواتان هێناوە! خۆتان لە زۆرێك لە گومان بردن بە یەكتر دووربگرن چونكە هەندىَ لەو گومانانە مایەى گوناە و دووچار بوونتانە لاى خوا وە بەدواى عەیب و عارو كەم و كوڕى یەكتردا مەگەڕێن و چاوە چاو مەكەن و لە پاش ملە ناوى یەكتر بە خراپە مەبەن ئایا كەستان پێى خۆشە گۆشتى براى خۆى بە مردوویى بخوات؟! ئاشكرایە كە ئەوەتان زۆر پىَ ناخۆشەو، حەزى لێناكەن و نایخۆن، وە لە خوا بترسن و سنوورەكانى مەشكێنن، بێگومان خوا زۆر لێبوردەیە بۆ هەركەسێك پەشیمان بێتەوە لەو كارە ناشیرینانەى كردوویەتى، زۆریش میهرەبانە لەگەڵ بەندەكانى خۆیدا).

وا موسڵمانانى فێر كردووە لە خۆوە قسە فڕێ نەدەن و بێداری كردوونەتەوە لەوەی هەر قسەیەك دەیكەن لێی بەرپرسن (مَا يَلْفِظُ مِنْ قَوْلٍ إِلَّا لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ) (ق: ١٨) (هەر وتەیەكى لە دەم دەردەچێت، فریشتەى چاودێرى ئامادە لەلایەتى دەینووسىَ). چونكە قسە بە ئاسانی دەكرێت، بەلآم دەرەنجامی زۆر سەختی لێ دەكەوێتەوە، هێندە بەسە بەرامبەر بە كچێكی داوێن پاك بوترێت (خوا ئەزانێت چۆنە؟) ئەمەندە قسە گومان لاى خەڵكێك دروست دەكات بەرامبەری، دەیان ساڵ هەوڵ ئینجا متمانەی رەوشتبەرزی دروست دەكات، بەلآم قسەیەكی لەو چەشنە خێرا دەیان تۆمەت دەخاتە دڵ و دەروونی خەڵكەوە، هەر بۆیە لە ئیسلامدا بۆ زیناى كوڕ و كچێك دەبێت چوار شاهید بێن و شاهیدی بدەن بە چاوانى خۆیان و لە یەك كاتدا زینای ئەو كەسانەیان دیوە، ئەگەر سێ كەس بن و كەسی چوارەم دەست نەكەوت، بۆ نەهێشتنی گومان و تۆمەت لەسەر ئەو كوڕ و كچە، هەر سێ كەسەكە جەلدیان لێ دەدرێت.

سێیەم: وردەكاری لە تۆمەتەكاندا كراوە:

بێباوەڕان دەیانزانى چ جۆرە تۆمەتێك بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دروست بكەن، نەدەرۆیشتن تۆمەتی داوێن پیسی بدەنە پاڵ، بە دز ناوزەدیان نەدەكرد، بەڵكو كۆمەڵێك تۆمەتیان دەهێنا كە بچێتە عەقڵی خەڵكەوە، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە مەككەدا چوار كچی هەبوو، ئەگەر تۆمەتێكی هەست پێكراو و ئەخلاقی لەسەر خۆی یان یەكێك لە كچەكانى بوایە، زۆر ئاسان بوو ئەوە بكەنە تیرێك بۆ لێدانى خۆی و بانگەوازەكەی، بۆ نموونە پێیان دەوت جادووگەرەو بە جادووەكانى خەڵك لە خشتە دەبات، ئێ كەسێك كە دەیبینی زەیدی مەولای پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كە بە كۆیلە فرۆشراوە و دواتر باوك و مامی دێن بیكڕنەوەو پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) رێگری ناكات، كەچی زەید ئامادە نیە ئازادی هەڵبژێرێت بەسەر كۆیلایەتیدا و پشت ئەكاتە باوك و مامی كە ولآتێك رێیان بڕیوە بۆ ئازادكردنی ئەم و روودەكاتە موحەممەدێك كە زەیدی وەك خەلآت پێ دراوە، ئەم كەسە قەناعەتی ئەوەی بۆ پەیدا دەبوو بڵێت: قوڕەیشیەكان راست دەكەن موحەممەد جادووگەرە، سەیر كە بە جادووەكەی چی كردووە لەو گەنجە؟ یان كاتێك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەیفەرموو شەوڕەویم پێ كراوە بۆ قودس و لەوێشەوە بۆ ئاسمان و هەمان شەویش گەڕێنراومەتەوە نێو مەككە، لەو سەردەمەشدا نێوانى مەككەو مەدینە نزیكەی چەند هەفتەیەك كاتى دەویست، ئێستا چ جای ئەوەی بە شەوێك بچیتە قودس و لەوێوە بچیتە ئاسمان و بگەڕێیتەوە، هەر كەسێك پێی بوترایە موحەممەد درۆزنەو ئەمەش درۆكەیەتی، ئاسان بوو تۆمەتی درۆزنی قبووڵ بكات، هەموو حاڵەتی تۆمەتەكان لە بازنەی دەروونی و نەبینراودا خۆیان دەبیننەوە، تۆمەتێك نادەنە پاڵی كە بە چاو ببینرێت، بە تایبەت پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) رێڕەوێكی گرتبوویەبەر جیاواز لە رێڕەوی زۆرینەی كۆمەڵگە، بۆیە خەڵكێك بۆیان ئاسانتر بوو بڵێن موحەممەد ئاسایی نیە و ئەوەی قوڕەیشیەكان دەیڵێن راستە.

ناكرێت تەنها لەبەرئەوەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە شاری كوێراندا دەستی نەگرتووە بە چاویەوە، ئەمە بكرێتە بەڵگەی نەخۆشی بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، نابیناییەكە لەوانەوە بوو نەوەك لە پێغەمبەری خواوە، ئێمەش وەك شوێنكەوتەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەبێت هەمان رێڕەو بگرینەبەر و لە شاری كوێراندا دەستی نابیناكان بگرین نەوەك تەنها تروسكاییەك كە ماوە ئەویش بكوژێنینەوە، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) تەنها تروسكاییەك بوو كە لەنێو قوڕەیشیەكاندا مابوو، بۆیە ئەو تروسكاییە نامۆ بوو بەوان، خەڵكیش بە سەختی شتی نامۆ قبووڵ دەكەن، ئەگەر بتوانن لەناوى دەبەن، ئەگەرنا هەوڵ دەدەن لەكەداری بكەن، كاتی دەوێت هەتا سوود و گەورەییەكانی بزانن و ئەوكات لەبری دژایەتیكردنی سوودی لێ وەربگرن.

هەمان ئەم حاڵەتە لەمڕۆشدا بە میراتی بۆ بێباوەڕان ماوەتەوە، كاتێك تۆمەتێكی بینراویان دەست ناكەوێت بەرامبەر كەسێتیەكی ئیسلامی یان رەوتێكی بانگەوازى، ئەوكات پەنا دەبەن بۆ تۆمەتی دەروونی و فیكری، تۆمەتێك بە چاو نەبینرێت و بە بەڵگەی نووسراو نەسەلمێنرێت بۆ ئەوەی نەتوانرێت بە ئاسانی بەرپەرچی تۆمەتەكە بدرێتەوەو بە دەقی نووسراو یان بەڵگەی بینراو نادروستی تۆمەتەكە نەسەلمێنرێت.

بۆ نموونە بە كەسێك دەڵێن تۆ شەكرەتە، تەنها ئەوەندەی بچێت پشكنینێك بكات بۆ رێژەی شەكرەكەی راستی و ناڕاستی قسەكە دەردەكەوێت، یان دەڵێن فشاری خوێنت بەرزە، دەتوانرێت راستی و نادروستی ئەم قسەیە یەكلابكرێتەوە، بەلآم بە كەسێك بوترێت قەلەقیت هەیە، دەبێت ئەم كەسە بە چ بەڵگەیەكی بینراو ئەم مەسەلەیە یەكلا بكاتەوە؟!

چوارەم: تۆمەتەكان دەستاودەست كراون:

بێباوەڕانى قوڕەیشی دوێنێ و بێباوەڕانى ئەمڕۆش بۆ تۆمەت خستنە پاڵ پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) كۆگایەكی گەورەی تۆمەت بەخشینەوەیان بە میراتی بۆ ماوەتەوە، گەلانی پێشوویش بەرامبەر بە پێغەمبەرانی تر هەمان ئەو هەنگاوانەیان گرتوەتەبەر كە قوڕەیشیەكان بەرامبەر بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) گرتیانەبەر، بۆ هەر پێغەمبەرە و تۆمەتێك یان چەند تۆمەتێكیان داتاشیبوو وەك چۆن لە سەرەتاى ئەم بەشەدا باسمان كردووە، دەی هەموو ئەم تۆمەتانەو شێوەی داتاشینیان و جۆری بلآوكردنەوەو سەپاندنیان، پاشان قەناعەت پێكردنی خەڵك و بازاڕگەرمی بۆ تۆمەتەكان، زۆركردن و كەڵەكەكردنی تۆمەت دوای تۆمەت، تەشویش خستنە سەر وەلآمی تۆمەتەكان، هەموو ئەمانە بە میراتی و دەستاودەست بۆ بێباوەڕان مابوویەوە، (كَذَلِكَ مَا أَتَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ مِنْ رَسُولٍ إِلَّا قَالُوا سَاحِرٌ أَوْ مَجْنُونٌ (52) أَتَوَاصَوْا بِهِ بَلْ هُمْ قَوْمٌ طَاغُونَ) (الذاريات: ٥٢ - ٥٣) (باوى هۆزەكانى پێش ئەمانیش هەر وابوو، هەر پێغەمبەرێك خوا ناردوویەتیى و چووە بۆلاى هۆزەكەى، ئیللا هەر پێیان وتووە جادوگەرە، یان شێتە، ئایا وەسیەتیان بۆ یەكتر كردووە بەوە وا ڕایان كۆیە لەسەر ئەو بۆ چوونەیان؟ نەخێر، وەسیەتیان بۆ یەكتر نەكردووە، بەڵكو ئەوانە بۆ خۆیان گەلێكى یاخیى و لە سنوور دەرچوون).

پێرێ چی بەرامبەر بە پێغەمبەر ئیبراهیم و پێغەمبەر مووسا و پێغەمبەر عیسا وترا، دوێنێش هەمان ئەو شتانە بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) وترا، (مَا يُقَالُ لَكَ إِلَّا مَا قَدْ قِيلَ لِلرُّسُلِ مِنْ قَبْلِكَ إِنَّ رَبَّكَ لَذُو مَغْفِرَةٍ وَذُو عِقَابٍ أَلِيمٍ) (فصلت:٤٣ ) (هەر ئەوەش بە تۆ دەگوترىَ: كە بە پەیامبەرانى پێشى تۆ وتراوە، جا كەواتە ئارامت ببێ و خۆ راگربە، بەراستیى پەروەردگارت خاوەن بەخششێكى گەورەیە، خاوەن سزایەكى بە ئێشە)، ئەمڕۆش ئەوەی بەرامبەر بە موسڵمانان و بانگەوازەكەیان دەوترێت، هەمان ئەو قسانەن كە دوێنێ ئەبووجەهل و ئەبوولەهەب و وەلیدی كوڕی موغیرە و دارودەستەكانیان دەیانوتنەوە.

پێنجەم: تۆمەتەكان بۆ دەوروبەرەكەی پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) نەگونجاو بون:

ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كران، نەوەك لە خودی پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) نەبوون، بەڵكو لە خانەوادەو كەسوكار و هاوەلآنیشیدا نەبوون، درۆزنی لەنێو ئالوبەیت و هاوەلآندا نامۆ بوو، كەس دەستی بۆ نەدەبرد، هیچ هاوەڵێك نەبوو جادوو بكات، هیچ هاوەڵێك نەبوو نەوەك ئەوەی كاهین بێت بەڵكو بڕوا بە كاهینانیش بكات، بەڵكو تابیعینیش بە هەمان شێوە پارێزراو بون، ئەمڕۆش هەر موسڵمانێك یەكێك لەو تۆمەتانەی لەسەر بێت، موسڵمانان سەركۆنەی دەكەن و لە ریزی موسڵماناندا ناوى ناهێنن، بۆ نمونە ئەگەر كەسێك خۆی بە موسڵمان بزانێت و جادوو بكات، هەموان دەڵێن ئەوە كەی موسڵمانە؟ موسڵمان چۆن ئەبێت وابێت؟ یان حاجیەك كەسابەتی هەبێت و لە كەسابەتەكەیدا درۆ بكات، هەموان دەڵێن ئەوە چی لە موسڵمان دەچێت؟ با هەزار حەجی كردبێت، مادەم درۆ دەكات هیچی بە هیچ، ئەمانەو دەیان قسەی تر لەو خەڵكە دەبیستیت، واتە ئەو تۆمەتانە لاى موسڵمانان بابەتگەلێكی بێزراون.

 



[1] - المطالب العالية، الرقم 2709، شعب الإيمان للبيهقي، الرقم 1495.

[2] - صحيح مسلم، الرقم 198.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 2601.

[4] - صحيح البخاري، الرقم 2601.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە